سەرچاوەیەک: عێراق سێ ٧٠٠ ملیاری تر دەدات بە ھەرێم

2023-11-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حکومەتی عێراق، سێ ٧٠٠ ملیار دیناری تر بۆ موچەی سێ مانگی فەرمانبەران رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات، لە دوای سەری ساڵیشەوە رێککەوتنی نوێ دەکرێت.

وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی وەفدی ھەرێم و بەغداد، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەفدی ھەرێم نزیکە لە رێککەوتن لەگەڵ بەغداد و گەیشتونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی و حکومەتی عێراق سێ قەرزی تر بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ئەمساڵ، لە دوای سەری ساڵیشەوە رێککەوتنی نوێ لە نێوان ھەولێر و بەغداد دەکرێت بۆ دابینکردنی مووچە.

وتیشی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە وەفدی ھەرێمی راگەیاندووە، لێکتێگەیشتنەکە دەباتە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.