نێچیرڤان بارزانی: گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی ھەنگاوێکی دروست و گرنگە

2023-11-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی ھەرێم دەڵێت، گەڕانەوەی وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی باشتری پرۆسەی چاکسازی و پێویستە پارتی و یەکێتی، بگەنە لێکگەیشتن بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر کارەکەی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە بۆ سەر کار و ئەرکەکەی لە وەزارەت، ھەنگاوێکی دروست و گرنگە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەڕێوەچوونی باشتری پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، رەوشی ھەرێمی کوردستان و ئاڵنگارییەکان لە عێراق و ناوچەکە بەگشتی وا دەخوازێت لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، تەبایی و یەکڕیزیی نێوانیان پتەوتر بکەن و بگەنە لێکگەیشتنی ھاوبەش بۆ نەھێشتنی ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان، لەو پێناوەشدا لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵ و کۆششی بەردەوامدا دەبن.