سەرۆککۆمار: ھەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا دەدەین

2023-10-03   |  
فۆتۆ: 
ئایار
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، ھەوڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا دەدەن، دەشڵێت، پێشێلکارییەکانی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان جێگەی قبوڵکردن نین.

سەرۆککۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (حەدس)، کە سەعات ١٠:٣٠ خولەکی ئەمشەو بڵاودەبێتەوە، باسی لە چەندین بابەتی ھەنوکەیی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرەش وتی، عێراق ھەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بکات، وەک ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران ھەیانە، وتیشی، پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و رەچاوی رەوشی عێراق بکات.

د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، تورکیا رۆژانە پێشێلکاری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکەی سەربازیی لە عێراق ھەیە، ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان، ٤٥ ساڵ یان زیاترە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەغداد پێشێلکارییە رۆژانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.