عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بڕیاری لێبوردنی گشتی و سووککردنی سزای، بۆ زیاتر لە دوو ھەزار زیندانی دەرکرد.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، رەزامەندیی لەسەر پێشنیازێکی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەربڕیووە کە داوایکردووە بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) و ئیمام جەعفەر سادق، بڕیاری لێبوردنی گشتی و سووککردنی سزا بۆ دوو ھەزار زیندانی دەربکرێت.
راشیگەیاند، بڕیارەکە دوو ھەزار و ٢٨٤ زیندانی دەگرێتەوە، کە ھەزار و ١٧ زیندانی ئازاددەکرێن و ھەزار و ٢٦٧ زیندانی تریش سزاکانیان سووک دەکرێت، ھەروەھا ٥٢ کەسیش سزای لەسێدارەدانیان ھەڵدەوەشێتەوە و سزاکەیان بۆ زیندانیکردن دەگۆڕێت.