لە دوو رۆژدا حەوت ھاووڵاتی کورد لە عەفرین لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رفێندراون

2023-10-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا، لە دوو رۆژدا حەوت ھاووڵاتی کورد لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان رفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە گوندی دێر بالوتی سەر بە جندرێس لە سنووری کانتۆنی عەفرین دوو ھاووڵاتی کوردی تەمەن ٧١ ساڵ و ٧٤ ساڵیان رفاندووە، ھەروەھا لە گوندەکانی عبێدان و ئوگای لە  سنوری بلبلێی سەربە عەفرین دوو ھاووڵاتی دیکەی تەمەن ٥٤ ساڵ و ٢٣ ساڵ رفێندراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستاشدا ئەو کەسانە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.

ھاوکات رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین-سوریا رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە لە گوندێکی سەربە ناوچەی مابەتای عەفرین سێ ھاووڵاتی دیکەی کورد رفێندراون کە یەکێکیان ژنە.