"تەحسین خەفاجی" وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە وڵاتەکە ماون، بە ٥٠٠ کەس مەزەندە دەکرێن.
"خەفاجی" لە لێدوانێکدا بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە عێراق توانای سەربازییان لەدەستداوە و ناتوانن ئەندامی دیکە بۆ خۆیان رابکێشن. لەئێستاشدا نزیکەی ٥٠٠ تیرۆریستی داعش لە وڵاتەکەدان و لە ناوچەکانی وادی شای و ودای زەیتون و ناوچەکانی مەتیبیجە و حەوزی حەمرینن.
"خەفاجی" راشیگەیاند، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە پشتیوانیکردنی عێراق دژ بە تیرۆریستانی داعش، لەڕێی بۆردومانە ئاسمانییەکان و راھێنان و پێدانی راوێژ و ئاڵوگۆڕی زانیاری ھەواڵگیری بە ھێزە ئەمنییەکان.