گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بەردەوامن

2023-09-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەندامێکی لیژنەی نەوتی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ھەرێمی کوردستان زیانمەندی یەکەمە لە راگرتنی ھەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، تاکە چارەسەریش پابەندبوونیەتی بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە.

باسم غەریباوی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە بەردەوامن، بەڵام تورکیا بە بیانووی زیانگەیشتن بە بۆریی نەوت بەھۆی بوومەلەرزەکەوە، پڕۆسەکە پەکدەخات و نایەوێت ئەو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە بدات بە عێراق،کە وەک قەرەبوو بەسەریدا سەپێندراوە.

وتیشی، ھەرێمی کوردستان زیانمەندی یەکەمە لە راگرتنی ھەناردەی نەوت لە رێگەی تورکیاوە، چونکە حکومەتی عێراق دەتوانێت قەرەبووی ھەناردەنەکردنی ئەو بڕە نەوتە بکاتەوە، تاکە چارەسەریش بۆ ھەرێم پابەندبوونە بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی.

لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان راگیراوە.