لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆنفرانسی مەڵبەندو مەکتەبەکان و سەرجەم ئۆرگانەکان ئەنجامدەدرێت.
تەلار لەتیف وتەبێژی کۆنگرەی پێنجەم و ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی فەرمی کۆنگرە رایگەیاند ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی کۆنفرانسی مەڵبەندو مەکتەبەکان بەکۆتا گەیشتوە و سبەی پێنج شەممە بەرواری ٢١/٩/٢٠٢٣، لە سەعات ٨ـی سەر لەبەیانی بۆ ٤ـی پاشنیوەرۆ لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا ھەڵبژاردنەکە ئەنجامدەدرێت.
رۆژی ٢٠ـی مانگی رابردوو، بەسەر پەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، مەکتەبی سیاسی لە کەرکوک کۆبوەوەو بڕیاریدا ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەم ببەستێت.
لە کۆبونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی لەسەر ھێڵە نیشتمانی و کوردستانییەکان بۆ داکۆکیکردن لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەردەوامەو جیاکردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسی لایەنەکان و نێوان ھەرێم و بەغداد لەپێشینەی کارەکانیانە.
وتیشی، ژیان و گوزەرانی خەڵک لای یەکێتی ھێڵی سوورە و بەھەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکەین.
ھاوکات سەرۆکی یەکێتی باسی لە پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی کرد، ئەوەشی بۆ یەکھەڵوێستی و یەکبڕیاریی سەرکردایەتی یەکێتی گەڕاندەوە، وتیشی، ستراتیژی نەگۆڕیان لەخزمەتی گەلدایە و کەرکوکیش کە بەشێکە لە جەستەی یەکێتی، وەک قودسی کوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە پێکەوەژیان دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گفتوگۆی چڕی لەسەرکرا و بڕیاردرا رۆژی ٢٧ی ئەیلولی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ببەسترێت.