یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی ھێرشە درۆنییەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت دەکات

2023-09-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یەکێتیی ئەوروپا ئیدانەی ھێرشە درۆنیەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکات، کە بەھۆیەوە سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەھیدبوون.

یەکێتی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانە بۆ ھێرش و زیانەکانی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی کشتوکاڵی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکێتی ئەوروپا جەختدەکاتەوە لەسەر پشتیوانیکردن لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق، ھەمیشە لە پێشەنگی کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە و ھەرواش بەردەوامدەبێت.

پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە تورکیا بە درۆن فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی کردە ئامانج و بەھۆیەوە سێ ئەندامی دژەتیرۆر شەھیدبوون و سێی دیکەش برینداربوون، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە و جیھان کاردانەوەی لێکەوتەوە.