ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی مووچە و بودجە بڵاوکرایەوە

2023-09-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی ھەرێمیان راسپاردووە لەگەڵ گەیشتنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە بەبێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز بکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دڵنییانداوە بەوەی ھەرگیز سازش لەسەر ماف و شایستە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن و دەستبەردارییان نابن، لە ھەوڵەکانیشی بەردەوامدەبێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی مووچە و شایستەی مووچەخۆران، بۆیە پڕۆژەی پێویستیان پێشکەشی سودانی کردووە کە چارەسەری ھاوسەنگانەی لەخۆگرتووە و لێکتێگەیشتنی ھاوبەشیش دروستبووە.

راشیگەیاند، وەزارەتی دارایی ھەرێمیان راسپاردووە کە لەگەڵ گەیشتنی یەکەم گوژمەی پارەکە کە ٧٠٠ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، راستەوخۆ بەبێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت. 
ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، سەرجەم وەزارەتەکانی راسپارد کە بەردەوامبن لە ھاوکاریکردنی دیوانی چاودێریی دارایی و سەرجەم ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان بخرێتە بەردەست کە پێشتریش چەندینجار بە فەرمی خراوەتە بەردەستیان.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران ئیدانەی ھێرشی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی کرد و داواشیکرد کە رێز لە سەروەریی و ئاسایش و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگیرێت.

 


 زۆرترین خوێندراو