قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئێران و عێراق بۆ ٢٠ ملیار دۆلار بەرزدەکرێتەوە

2023-09-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران رایگەیاند، عێراق لە ریزبەندی یەکەمی ھاوبەشانی بازرگانی ئێرانە و دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا بۆ ئەمساڵ بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار.

فەرزاد بیلتن، بەرپرسی بەشی رۆژئاوای ئاسیای رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، عێراق لە ریزبەندی یەکەمی ھاوبەشانی بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئاڵوگۆڕێکی زۆرباشی بازرگانی لەنێوان ھەردوو وڵاتد ھەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق بەراورد بە تورکیا زۆرباشترە، بەوپێیەی عێراق لە دەروازە سنوورییەکان کارئاسانییەکی زۆر بۆ بازرگانانی ئێران دەکات.

فەرزاد بیلتن راشیگەیاند، پلانیان ھەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بۆ ئەمساڵ بگەیەننە ٢٠ ملیار دۆلار، لە بەرنامەشیاندایە بانکێکی ھاوبەش و ناوچەیەکی پیشەسازی سەربەخۆ لەگەڵ عێراق دروستبکەن.