شاناز ئیبراھیم ئەحمەد: ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە

2023-09-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند، ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە و رەتیدەکەنەوە، ھێرشەکە پێشێلکردنێکی بەرچاوی ئەو بەڵێننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیانەیە کەپەیوەندی ھاوسێیەتی نێوان وڵاتان رێک دەخات.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پەلامارانە و بەئامانجگرتنی ھاوڵاتیانی بێ دیفاع لەخاکی خۆیاندا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتیە و شێواندنی ئاسایشی ناوچەکەیە.

دەشڵێت، بە توندی ئیدانەی ئەم جۆرە پەلامارە تاوانکارییانە دەکەن و داوا لە حکومەتی عیراق و حکومەتی ھەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە سنورێک بۆ ئەو تەراتێنە ئاسمانیەی دەرودراوسێمان دانێن، داواش لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەکات کە سستمی پێشکەوتووی دژەفڕینی درۆن بۆ ئاسمانی ھەرێم و عێراق دابین بکات کە بووەتە مەیدانی پێشبرکێی ھێزە نەناسراوەکان.