دلێر عەبدولخالق: ئەم رووداو و پێشھاتانە زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش ھەرێم
2023-09-18
|
کوردسات نیوز
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی فرۆکەخانەی مەدەنی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کەنەکە لە ھەولێر دەکات و دەڵێت، ئەم ڕوداو و پێشھاتانە، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ لە یەک کاتدا و لە دو ڕوداوی ھاوشێوەدا، فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی و بارەگای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کەنەکە لە ھەولێر، لە ڕێگەی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج.
وتیشی، سەرباری سەرکۆنەکردنی ئەو کردە دەستدرێژیکارانە بۆ سەر سەروەری خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەکان و ھیوای چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان دوپاتیکردەوە کە ئەم رووداو و پێشھاتانە، زەنگێکی مەترسیدارن بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە ئەرکی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ئیتحادییە، لێکۆڵینەوەی ڕژد بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ھێرشەکان و سنوردانان بۆ ئەم جۆرە دەستدرێژییە بکەن، بێئەوەی تەنیا وەک ڕوداوێکی ئاسایی و دوبارەوەبو وەربگیرێت و تێپەڕێت.
|