سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ: ٢٦٠ ھەزار ئاوارەی سوریا لە عێراقدان

2023-09-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٢٦٠ ھەزار ئاوارەی سوریا لە عێراقدا ھەن کە زۆرینەیان لە کەمپەکاندان و ئەوانی تریش لە شارەکاندا نیشتەجێبوون.

فازیل غەراوی سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاوارەکانی سوریا لە ناوچە سنورییەکانی دھۆک و موسڵ و ئەنبارەوە نارەسمی دێنە ناو عێراق و لە ئێستادا ٢٦٠ ھەزار ئاوارەی سوری بوونیان ھەیە کە زۆرینەیان لە کەمپەکاندان و ئەوانی تریش لە شارەکاندا نیشتەجێبوون.

وتیشی، سەرەڕای ئەوەی عێراق پەیوەندی نەکردووە بە رێککەوتنی پەنابەرانی ساڵی ١٩٥١، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووە مرۆییەکەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات و بە درێژایی ٩ ساڵی رابردوو بەردەوامبووە لە پێشکەشکردنی ھاوکاری و بەرنامەی خۆراک بە ئاوارەکان.