زریانەکەی لیبیا زیان بە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار کەس دەگەیەنێت

2023-09-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
زریانەکەی لیبیا جگە لە گیانلەدەستدان زیانی بە زیاتر لە یەک ملیۆن ھاوڵاتی ئەو وڵاتە و بیانیش گەیاندووە و ئەمریکا و عێراقیش ھاوکاری لیبیا دەکەن.

ئەحمەد مەساری وتەبێژی سوپای لیبیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەشاری بەنغازی رایگەیاند، زریانی دانیال کە بووە ھۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١١ ھەزار کەس تەنھا لە شاری دەرنە کە زیاتر لە ٨٠٠ یان سەربازبوون، زیانی زۆریشی بە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ ھەزار ھاوڵاتی لیبیا و بیانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتەش گەیاندووە و زۆربەی رێگە سەرەکییەکانیش بە تەواوی داخراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە، جگە لە تیمە فریاگوزارییەکان کە رەوانەی ئەو وڵاتە کراون، ملیۆنێک دۆلاریشیان وەک ھاوکاری مرۆیی بۆ لیبیا تەرخانکردووە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئاماژەی بەوە کردووە، لە رێگەی ھێڵی ئاسمانییەوە دوو فڕۆکەی پڕ لە ھاوکاری مرۆیی و کەرەستەی بە پەلە و پێویست رەوانەی لیبیا دەکەن.

 


 زۆرترین خوێندراو