سەرۆککۆمار داوەتنامەیەکی لە سەرۆکی ئازەربایجانەوە پێدەگات

2023-07-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق پەیامێکی نووسراوی لە ئیلھام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان پێگەیشت.

لەمیانەی پێشوازیکردنی سەرۆککۆمار لە نەسیر مەمەدۆڤ باڵیۆزی کۆماری ئازەربایجان لە عێراق، کە تێیدا سەرۆک عەلیێڤ داوەتنامەیەکی ئاراستەی سەرۆککۆمار کرد بۆ سەردانکردنی ئازەربایجان و لە پەیامەکەیدا دوپاتیکردوەتەوە کۆبونەوە و دانوستانەکان کە ئەنجامی دەدەین لە میانەی سەردانەکەدا، کاریگەریان دەبێ لەسەر بەھێزکردن و قوڵترکردنی ھاریکاری بۆ ھێنانە کایەی ھەلی ھاوبەشی نوێ بۆ ھەردو وڵات . 

سەرۆککۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو داوەتنامە بەڕێزە نیشاندا و دوپاتیکردەوە کە لە نزیکترین دەرفەتدا جێ بەجێی دەکات.

ھەر لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، باسی لە پێویستی  فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاری ھاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرھێنان، گەشتیاری و وزە لە پێناو بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵاتدا کرد.

لە بەرامبەردا باڵیۆز، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی ئاسۆی ھاریکاری بە شێوەیەک کە خواست و ویستی گەلانی عێراق و ئازەربایجان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدەست بھێنێت.


 زۆرترین خوێندراو