ئەلفابێت بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار پلانی کڕینەوەی پشکەکانی بازاڕی بۆرسەی ھەیە

2021-05-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بڵاوکردنەوەی داھات و قازانجی کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستی جیھان لەم وەرزەدا کە چارەکی یەکەمی ساڵە، بوژاندنەوەیەکی تۆمارکردووە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠ و سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە ھەمان کاتیشدا داھاتی کۆمپانیاکانی بواری فڕۆکەوانی و گەشتیاری کەمیکردووە.

کۆمپانیای ئەلفابێت گەورە کۆمپانیای بواری تەکنەلۆژیا لە ئەمریکا لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ٥٥ ملیار و ٣٣٠ ملیۆن دۆلار داھاتی ھەبووە، ئەوەش بەراورد بە چارەکی کۆتایی ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٣٤٪ زیادیکردووە و لە کۆی داھاتەکەش ١٧ ملیار و ٩٠٠ ملیار دۆلار قازانجی کردووە.


ئەلفابێت پلانی کڕینەوەی پشکەکانی ھەیە بە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار لە بازاڕەکانی بۆرسە لە وەبەرھێنەرانی بەھۆی باشی بارودۆخی دارایی کۆمپانیاکەوە، بەھای پشکەکانی کۆمپانیاکەش لە بازاڕەکانی بۆرسەدا بە ڕێژەی ٤.٣٪ بەرزبووەوە.


کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا توانیوویەتی ٤١ ملیار و ٧١٠ ملیۆن دۆلار داھات بە دەستبھێنێت و لەو بڕەش ١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە و بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو داھاتی بە ڕێژەی ١٩٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستی داھاتی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە کە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کۆمپانیاکە تۆماری کردبێت.


کۆمپانیای ئەپڵیش کە کۆمپانیایەکی دیاری تەکنەلوژیای ئەمریکییە، لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١دا داھاتەکەی بە ڕێژەی ٥٤٪ زیادیکردووە کە دەکاتە ٨٩ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار، قازانجی ئەو داھاتەش کە بۆی ماوەتەوە ٢٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و بە تەنیا لە فرۆشتنی مۆبایلی ئایفۆندا کۆمپانیای ئەپڵ نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار داھاتی بە دەستھێناوە. 


تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکیش کە یەکێکی ترە لە کۆمپانیا گرنگەکانی ئەمریکا، بە ھەمان شێوەی کۆمپانیاکانی تری بواری تەکنەلۆژیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا داھاتی بە ڕێژەی ٤٨٪ زیادیکردووە و بووەتە ٢٦ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، سەرچاوەی داھاتی کۆمپانیای فەیسبووک بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی ڕیکلامەوە بە دەست دێت.