ئەکرەم ئیمامئۆغڵو داوای گۆڕانکاری ریشەیی لە جەھەپەدا دەکات

2023-06-09   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
ناکۆکییەکانی ناو پارتی گەلی کۆماری تورکیا جەھەپە قوڵبوونەتەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ داوا دەکات گۆڕانکاری ریشەیی لە سەرکردەکانی حزبەکەدا بکرێت.

شکستی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار ناکۆکییەکی زۆری لە نێو سەرکردەکانی ئەو پارتەدا دروستکردووە، کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە ناراستەوخۆ داوا لە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتەکە بکات دەستلەکار بکێشێتەوە و بەرپرسیارێتی شکستی ھەڵبژاردنەکانی بگرێتە ئەستۆ.

ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوایکرد گۆڕانکاری گشتگیر لە ریزەکانی جەھەپە بکرێت.

وتیشی، گۆڕانکاری بە گۆڕینی ژمارەیەک سەرکردەو ئەندامی پارتەکە روونادات و بە ھەموو دەنگێکییەوە داوای گۆڕانکاری دەکات، کۆمەڵگە پێویستی بە گۆڕانکارییە و ناکرێت بە ھەمان کەرەستە چاوەڕێی ئەنجامێکی جیاوازن بن .