وردەکاری پەسەندکردنی شەش ماددەی پرۆژەیاسای بودجە

2023-06-09   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەش ماددەی لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ پەسەندکرد، ماددەیەکی دواخست و ماددەیەکی تریشی رەتکردەوە.

دوای گفتوگۆ و دانوستانێکی دوورو درێژ شەوی رابردوو، پرۆژە یاسای بودجە برایە ھۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەر بڕگەو ماددەکانی دەستیپێکرد و ماددەی یەکەمی پەسەندکرد، بە پێی ئەم ماددەیە داھاتی ساڵی دارایی بە ١٣٤ ترلیۆن دینار دیاریکراوە، لەسەر بنەمای فرۆشتنی بەرملێک نەوت بە ٧٠ دۆلار، ھەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیلیی رۆژانە کە لەنێویدا ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم ھەژمارکراوە لەسەر بنەمای بەھای فرۆشی١٣٠٠ دینار بۆ ھەر دۆلارێک.

ھاوکات ماددەی دوو کە تایبەت بە خەرجی و کورتھێنان بەھۆی نەبوونی کۆدەنگی فراکسیۆنەکان دواخرا، ھەرچی ماددەی سێیە تایبەت بە دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی بۆ دەرکردنی زەمانی خەرجکردن، زەمانی قەرزی گرێبەستی وەزارەتەکان و لایەنە گرێنەدراوەکان بە وەزارەتەکان پەسەندکرا، ماددەی چواریش لە ئەنجامدانی گواستنەوە لە تەرخانکراوی قەرزەکانی عێراق لابرا.

ماددەی پێنجەم لە بارەی پارەی دانراوی ھەژمارە سەرەکییەکانی خەرجکردن بۆ قەرەبووکردنەوەو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و خەرجییەکانی تر و خەرجی پرۆژەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجە بەھەمان شێوە پەسەندکرا.

ماددەی شەشەمیش لەبارەی دەسەڵاتەکانی وەزیری دارایی بۆ ئەنجامدانی گواستنەوەی تەرخانکراوەکانی بودجە لە سەر ئاستی بەش و ماددەکان دەنگی لەسەر درا، ماددەی حەوتەمیش دەڵێت، سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی فیدراڵی ھاوبەشن لە بەکارھێنانی  بودجەی یەدەگی فریاگوزاری و پێدانی دەسەڵات بە خەرجکردنی سێ ملیار دینار بۆ ھەر حاڵەتێک دەنگی لەسەر درا.

ماددەی ھەشتیش پەسەندکرا کە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سنوردار دەکات لەبارەی داھات بۆ یەک ساڵ.