یونامی: لە ٢٠٠٨وە تائێستا زیاتر لە ٩٠٠٠ منداڵ لە عێراق بوونەتە قوربانی

2023-06-07   |  
فۆتۆ: 
هەژار
بەپێی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە عێراق، زیاتر لە نۆ ھەزار منداڵ بوونەتە قوربانی.

نوێنەرایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٨_ەوە تاکو ئێستا لە عێراق بەھۆی شەڕ و تەقینەوە و توندوتیژییەکانەوە زیاتر لە نۆ ھەزار منداڵ بوونەتە قوربانی، بەشێوەیەک لەو ماوەیەدا سێ ھەزار و ١١٩ منداڵ کوژران، پێنج ھەزار و ٩٣٨ منداڵیش برینداربوون و جگە لەوانەش ژمارەیەکی زۆر منداڵ جەستیان شێواوە بە لە دەستدانی ئەندامێکی جەستەیان.

راشیگەیاندووە، بەپێی ئەو ئامارە لەماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا تێکڕا ھەموو رۆژێک لە عێراق منداڵێک کوژراوە، یاخود برینداربووە یان ئەندامێکی جەستەی لەدەستداوە.

یونامی داواشی لە حکومەتی عێراق کردووە، پشتیوانی پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە منداڵ بکات، بەجدیش کاریان لەسەر بکات لە پێناو زیاتر پاراستنی منداڵان و دابینکردنی مافەکانیان و سزادانی ھەموو ئەو کەسانەی مافەکانی منداڵان پێشێل دەکەن.