سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا هەڵدەبژێردرێت

2023-06-07   |  
فۆتۆ: 
لاوان
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی توركیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان كۆببێتەوە.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی توركیا، بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی كاتی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی توركیا، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا بە دەنگدانی نهێنێ هەڵدەبژێرێت.

بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا حەوت كاندید لە پێشبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، كە بریتیین لە نوعمان كورتوڵموش جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمان لە ئاكپارتی، بەكر بۆزداغ وەزیری پێشووی داد، تەكین بینگول لە جەهەپە، تولای حەمیتۆگولاری ئۆروچ لە پارتی چەپی سەوز، مستەفا چیهان، مستەفا یەنێرۆغڵو و سێراپ یازیچی.

بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێویستە 400 دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵببژێرێت، ئەگەر هیچ یەكێكیش لە كاندیدەكان نەتوانن ئەو رێژەی دەنگە بەدەستبهێنن، ئەوا هەر هەمان رۆژ خولی دووەمی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت و لەم خولەدا كاندید پێویستە 301 دەنگ بەدەستبهێنێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان ئەو رێژە دەنگە بەدەستنەهێنن، ئەوا رۆژی دواتر خولی سێیەمی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت و ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، دەبێتە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا.