ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و چەند تەوەرێکی تر دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ - ٢٠٢٥، بابەتی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە ھەرێمی کوردستان و رێنماییی نوێی وەزارەتی شارەوانی بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە ھەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
ئاشکراشیکرد، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دیاردەکانی سیمکارتی بێخاوەن، ئۆتۆمبیلی تۆمارنەکراو و چەکی بێمۆڵەت، ھەروەھا بابەتی دەستنیشانکردنی قەدەغەکراویی رێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان دەخرێتەڕوو.