مالیکی: بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لەعێراق دەستپێدەکات

2023-06-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، بە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران، ھەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەستپێدەکات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، نوری مالیکی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لەعێراق کۆبووەتەوە و جەختیلەوەکردووەتەوە، کە دەبێت سەروەری خاکی عێراق بپارێزرێت و دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروبارەکانی ناوچەکە بە ھەموو شێوەیەک رابگیرێت.

لەبەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، مالیکی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی لە پرسی پەسەندکردنی پرۆژەیاسایی بوودجە تاوتوێکرد و ئاماژەی بەوەشدا، بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق دەستپێدەکات.

لەبەرامبەردا باڵیۆزی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، پشیتوانی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تورکیا سەروەری خاکی عێراق دەپارێزێت و لە ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بە شێوەیەک، کە خزمەت بە گەلی ھەردوو وڵات بکات.