دیلان غەفور: لە سەرۆکایەتی کۆمار کاری جددی بۆ ھەڵوەشاندنەوی بڕیارەکانی بەعس دەکرێت

2023-06-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، لە سەرۆکایەتی کۆمار کاری جددی دەکرێت بۆ ھەڵوەشاندنەوی بڕیارەکانی حزبی بەعس و چارەسەرکردنی کێشەی زەویی جوتیارانی سنوری کەرکوک.

دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوونی کێشەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک بە تایبەت زەوییەکانی تۆپزاوا و سەرگەڕان، سەردانی سەرۆک کۆماری کردووە و گفتوگۆیان لەسەر چارەسەری کێشەکان کردووە بە تایبەت ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی ڕژێمی بەعس.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە سەرۆکایەتی کۆمار کاری جددی دەکرێت لەسەر پڕۆژە یاسایەک بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو بڕیارانە و ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکەدان تا بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و پەسەندبکرێت، داواکارییەکانیشیان گەیاندووەتە وەزارەتی بەرگریی بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو کارانەی لەسەر زەویی جوتیاران دەکرێت.

لە ساڵی ١٩٧٥ ئەو زەوییانە لە کورد و تورکمان وەرگیراونەتەوە و بەشێکیان بە بڕیاری ڕژێمی بەعس خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی.