سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە وەزیری دەرەوەی پاکستان

2023-06-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازیکرد بیلاوال بوتۆ زەرداری وەزیری دەرەوەی پاکستان، لەدیدارەکەدا هاریکاری و پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا وەزیر زەرداری سڵاو و پێزانینی سەرۆکی پاکستانی عارف عەلەوی گەیاندە سەرۆک کۆمار و بەڕێزیشیان سڵاو پێزانینی خوی لەڕێگای وەزیر زەرداریەوە  ئاراستەی سەرۆکی پاکستانی کرد.

لە میانەی دیدارەکەدا باس لە هاریکاری و پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات کرا و سەرۆک لەتیف، ئاماژەی بە خواستی عێراق بە پەرەپێدانی پەیوەندیەکان لە گەڵ پاکستاندا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد، لەگەڵ پێویستی سود وەرگرتن لە شارەزایی لەبواری دژایەتی کردنی توند ڕەوی و تیرۆردا.

سەرۆککۆمار، باسی لە ڕۆڵی عێراق کرد لە بەگژداچونەوەی پاشماوەی باندە تیرۆریستەکانی داعش کە چەندین وڵاتی گرتەوە لەوانە عێراق و بوە هۆی وێرانکردنی پێگە شارستانی و کەلتوریەکان و ژێرخانی ئابوری، سەرۆک جەختیشیکردەوە لە یەکریزی عێراقیەکان وئازایەتی هێزە ئەمنیەکان بە گشت پێکهاتەکانیانەوە  لە بنەبڕکردنی ئەو باندانە ولەناوبردنیان.

سەرۆککۆمار باسی لە سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی لە شار و پارێزگاکان کرد و خواستی حکومەتیش لەجێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان و هەوڵەکانیشی بۆ پەسەندکردنی بودجە ودەستکردن بە پرۆژەکانی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە وچارەسەرکردنی وشکەساڵی و بەبیابان بوون وکەم ئاوی. 

لەلای خۆیەوە وەزیر زەرداری، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی بەغدا و دیداری لەگەڵ سەرۆککۆمار و جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی کردەوە لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پەرۆشی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هاریکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا، بەتایبەتی لە بواری ئاودا.