دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەڕۆژی جیھانی ژینگەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە

2023-06-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەڕۆژی جیھانیی ژینگەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە رایگەیاند، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبواری ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان ، بەپێویستی زانییوە چەمکی ژینگەپارێزیی لەدروشمەوە بەرەو ھەنگاوی کرداریی ببات، بۆیە بۆ ئەو دروشمەی ئەم ساڵی رۆژی جیھانیی ژینگەش کە بریتییە لە دانانی سنوورێک بۆ پیسبوونی پلاستیکی

دەقی پەیامی دەستەی ژینگە لەڕۆژی جیھانیی ژینگەدا...

ئەمڕۆ٥ی حوزەیران ژینگەدۆستان بەگشتی یادی رۆژی جیھانیی ژینگە بەرز رادەگڕن، لەپێناوی بەزاندنی پیسبوون بەپلاستیک و، دانانی سنوورێک بۆ دروستکردن و بەکارھێنانی لەڕێگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و سەرنج ڕاکێشانی دروستکارانی بڕیار بۆ بایەخ پێدانێکی باشترو کاریگەرتر بە ژینگەو پێکھێنەرەکانی و ، بۆ برەودان بەڕۆڵی تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە بەرەو گۆڕینی ھەڵوێستەکان بە ئاراستەی پاراستن‌و چاککردنی ژینگەو، دروستکردنی ھەستێکی ژینگەدۆستیی لای ھاوڵاتیان.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش بەمەبەستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبواری ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان ، بەپێویستی زانییوە چەمکی ژینگەپارێزیی لەدروشمەوە بەرەو ھەنگاوی کرداریی ببات ، بۆیە بۆ ئەو دروشمەی ئەم ساڵی رۆژی جیھانیی ژینگەش کە بریتییە لە دانانی سنوورێک بۆ پیسبوونی پلاستیکی ، دەستەی ژینگە پێش سێ ساڵ لەمەوبەر بەنوسراوی فەرمی بەدروشمی (با لەخۆمانەوە دەست پێبکەین) ئەم ھەنگاوانەی لای خوارەوەی نا:

یەکەم: لەرێکەوتی ٢٢/٩/٢٠٢٠ نوسراوێکی فەرمیمان بۆ وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی نارد بۆ ناردنەوەی مەوادو خۆراکی ماوەبەسەرچوو بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی ھاتووە ، بۆ ئەوەی ئەو ماددە پلاستیکییانە لەسەر زەوی ئێمە نەسوتێنرێت و ، نەشخرێتە ژێر خاکی ئێمە.
دووەم: بەنوسراوی فەرمی لەرێکەوتی ٢٣/٩/٢٠٢٠ بەکارھێنانی دەبەی پلاستیکیی (ئاو)مان لەدیوانی دەستەو فەرمانگەکانی ژینگەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان قەدەغە ‌کرد ، بەسوود وەرگرتن لەئاوی خاوێنی ئاسایی لەساردکەرەوەکانداو ، بەکارھێنانی پەرداخی کارتۆن.
سێیەم: لەڕێگەی فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن و ھۆبەکانی ھۆشیاریی لەپارێزگاو ئیدارەکان چەندین پێشانگامان کردۆتەوە بۆ پیشاندانی ئەو کەرەستانەی کە  لەدووبارە بەکارھێنانەوەی پاشماوەکان دروستکراون.

چوارەم: لەگەڵ خاتوو گەلاوێژ بایز بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی ئیکۆ ڤیتاڵ  بەھاوکاری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاو وەزارەتی ژینگەی عێراق و فەرمانگەی ژینگەی ھەولێر یەک ملیۆن زەرفی کاغەز بەسەر نانەواخانەکانی ھەولێردا دابەش کرا بۆ ئاگاداربوون لەمەترسییەکانی کیسەی نایلۆن.
پێنجەم : فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لەدەستەی ژینگە لەچوارچێوەی رێنماییە بەرکارەکاندا پشتگیریی دامەزراندنی پرَۆژەکانی ریسایکلینی کردووە کە داوای رەزامەندیی ژینگەییان کردووە.
شەشەم : لەسەر ئاستی ھۆشیاریی پەروەردەییدا ، فەرمانگەی ھۆشیارکردنەوەی ژینگەیی و راگەیاندن لەدەستەی ژینگەو لەھۆبەکانی ھۆشیاریی لەپارێزگاو ئیدارەکان دەیان سیمیناریان لەخویندنگاو قوتابخانەکاندا ئەنجام داوە.

حەوتەم : لەئاستی ھۆشیاریی جەماوەریشدا دەستەی ژینگەو فەرمانگەکانی بەشدار بوون لەچەندین بەرنامەی ھۆشیارکردنەوە بەزیانەکانی پلاستیک لەکەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندندا.

ھەشتەم : لەرێکەوتی ٤/٤/٢٠٢٣ سەرۆکی دەستەی ژینگە سەردانی بۆ لای بەڕێز وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستانی کرد بەمەبەستی داواتکردنی بۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەبۆنەی رۆژی ژینگەی کوردستاندا بۆ باسکردن لەبارەی زیانەکانی پلاستیکەوە.

نۆیەم : لەرێکەوتی ١٦/٤/٢٠٢٣ کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستانمان بەمیواندارییکردنی بەڕێز وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەکان بۆ کەمکردنەوەی ھاوردەکردن و بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی کیسەی نایلۆن و کەرەستەی زیانبەخشی پلاستیکی تەرخان کرد.

دەیەم : ئەمڕۆش ٥/٦/٢٠٢٣ لەھەمان بۆنەدا لەشاری دھۆک دەستەی ژینگە بەھەماھەنگیی لەگەڵ (یەکێتی نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ژینگەو کەش وھەوا) ، بەھاوکاری (زانکۆی دھۆک) لەدوو پانێڵدا باس و توێژینەوەکانی تایبەت بەپیسبوونی پلاستیکی دەخرێنە روو.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە
٥/٦/٢٠٢٣