سوپای عێراق لە گوندی شناغەی سنووری سەرگەڕان ١٢ جوتیاری کوردی دەستگیرکرد، دوای چەند سەعاتێک بە کەفالەت ئازادکران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی شناغەی سنووری سەرگەڕان، سوپای عێراق بە پاساوی کشتوکاڵکردن لە شوێنێکدا کە کشتوکاڵکردنی تیایدا قەدەغەکراوە، ١٢ جوتیاری کوردی دەستگیرکردووە.
بە وتەی کەسوکاری جوتیارە دەستگیرکراوەکان، ئەو جوتیارانە لەناو ئۆتۆمبێلی سەربازی بە دەستبەسەرکراوی ھێڵدراونەتەوە و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان رەوانەی بارەگای فەوج و بنکەی پۆلیس کراون، دواتر بە کەفالەت ئازادکران.
دلێر ئەحمەد، کە یەکێکە لە جوتیارانی سنوورەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو جوتیارانەی دەستگیرکراون سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و چاندنی گەنمەشامی بوون، ھێزەکانی سوپاش پێیان وتون، کە کاری کشتوکاڵییان ڕاگرتووە و نابێت دوای دروێنەکردن کاری تر لەزەویەکاندا بکەن .