مەرزی شوشمێ بەڕەسمی بەڕووی گەشتیاری و بازرگانیدا دەکرێتەوە

2023-06-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پارێزگاری ھەڵەبجە و کرماشان لەسەر کردنەوەی مەرزی شوشمێ رێککەوتن و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بەڕەسمی بەڕووی گەشتیاری و بازرگانیدا بکرێتەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری ھەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان پرسی کردنەوەی مەرزی شوشمێ - تەوێڵەی تاوتوێکردووە و ھەردوولا لەسەر کردنەوەی مەرزەکە بەڕەسمی گەیشتوونەتە رێککەوتن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگار کردنەوەی مەرزەکەی بەرووی گەشتیاری و بازرگانی بە گرنگ وەسفکردووە، لەبەرامبەریشدا پارێزگاری کرماشان جەختی لەوەکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەدان ھەرچی زوورە مەرزەکە بکرێتەوە.

ھاوکات، مامۆستا قادر قادری پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی پاوە کە یەکێکە لە نوێنەرە دێرینەکانی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتاری ھەینیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان پارێزگای کرماشان و ھەڵەبجە بڕیارە جەژنی قوربان مەرزی شوشمێ بکرێتەوە.