لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 307 كەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەسێدارەدراون

2023-06-02   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا ٣٠٧ کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون، کە ئامارەکە سێ ھێندە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نوێترین راپۆرتی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان ئەوەی خستووەتەڕوو، لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵدا، ٣٠٧ کەس لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون. 
بە تەنھاش لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ١٤٢ کەس لەسێدارەدراون، کە دەکاتە چوار کەس لە رۆژێکدا، ئەوەش بەرزترین ئامارە کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە مانگێکدا، تۆماربکرێت. 

لەو ١٤٢ کەسەی لەسێدارەدراون، ٣٧%ی ئەو ژمارەیە بەندکراوی کورد و بلووچ بوون، کە ٣١ کەسی بەلووچ و ٢٢ کورد و نۆ تورک و شەش کەسی ئەفغانی لە بەندیخانەکان لەسێدارەدراون و لەو ژمارەیەش تائێستا ناسنامەی ٣٧ کەسیان ئاشکراکراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ٥٩%ی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لەسێدارەدراون، واتە ١٨٠ کەس، تۆمەتی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەریان لەسەر بووە. 

لە ٢٠%ی ئەوانەشی لە مانگی ئایار روبەڕوی لەسێدارەدان بوونەتەوە، لە نەتەوەی بەلووچ بوون و ژمارەیان ٣٠ کەسە. 

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ساڵی رابردوو لە ھەمان ماوەدا ١٧٤ کەس لەسێدارەدراون، واتە بەرێژەی ٧٦% لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان لە پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵدا، زیادیکردووە.

حکومەتی ئێرانیش تۆمەتبارکراوە بەوەی، دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی لە زۆر تۆمەتدا جێگیرکردووە، وەک  تۆمەتی بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینەکان و دەربڕینی بیروڕا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ھەروەھا لەسێدارەدانی کەسێک بە تۆمەتی پەیوەندی سێکسی، مەودای ئەو تۆمەتانەی فراوانترکردووە کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ بەکاردەھێنێت، ئەوەش لەپێناو ترس و تۆقاندنی خەڵک و درێژەدان بە بوونی خۆی.

مافی مرۆڤی ئێران ھۆشداریشیدا لەپەرەسەندنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و  داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بە کاردانەوەی توند و ھەنگاوی جدی و کرداریی، لەسێدارەدان لە ئێران رابگرن. 

ھاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش دەڵێت، بەرزبوونەوەی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان جێی شەرمەزارییە، ئامارەکەش سێ ھێندە بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بەرزبووەتەوە.