باربارا لیف: ویستێکی راستەقینە ھەیە لەنێوان عێراق و ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

2023-06-02   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
بابارا لیف یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ویستێکی راستەقینە ھەیە لەنێوان عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

باربارا لیف لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاری لەپێشینەی واشنتۆن و بەغداد لەیەکەوە نزیکە، ھەردوو وڵاتیش پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانی دیکەی وەک پەروەردە و رۆشنبیری و ئاو و گۆڕانکاری کەشوھەوا و ئاسایشی خۆراک، پەرەپێدەدەن، نەک تەنھا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. 

یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی، پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق زۆر پێشکەوتووە، لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری.

بارابارا لیف سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵیش لە عێراق وتی، گەندەڵی کاریگەری لەسەر داھاتووی وڵاتەکە و ئابورییەکەی دەکات، ھۆکاریش دەبێت بۆ زیادبوونی تاوان و پێشێلکردنی یاسا، بەڵام حکومەتەکەی "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی جدییە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ھەرێمی کوردستانیش، ئەو لێپرسراوە ئەمریکییە دەڵێت، ویستی راستەقینە ھەیە بۆ ھەماھەنگی لەنێوان عێراق و ھەرێم، ھەستێکی ئەرێنیش ھەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، وەک یاسای نەوت و چارەسەر بۆ پڕۆژەیاسای بودجە.