ئەمریکا سیستمی مووشەکیی ھیمارس لە سوریا جێگیر دەکات

2023-05-31   |  
فۆتۆ: 
هەژار
ئەمریکا بە نیازە توانای بەرگری ھێزەکانی وڵاتەکەی، لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی سوریا بە جێگیرکردنی سیتسمی موشەکیی ھیمارس بەھێزتر بکات.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، ماوەی چەند ساڵێکە ناوبەناو ھێرشی جیاجیا لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ناو خاکی سوریا دەکرێتەسەر ھێزەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئیدارەی کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری نیگەران کردووە و بڕیاریانداوە لە رێگەی سیستمی مووشەکیی ھیمارسەوە توانای بەرگری ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەھێزتر بکەن.

بەوتەی سەرچاوەکە لە ئێستادا دوو سیستمی مووشەکیی ھیمارس گەیشتووەتە دەست ھێزەکانی ئەمریکا و یەکێکیان لە کێڵگەی نەوتی عومەر، ئەویتریشیان لە کونکۆ تایبەت بە بەرھەمھێنانی غاز جێگیرکراوە کە لە یەک کاتدا توانای ئاراستەکردنی شەش مووشەکی ھەیەو تا دووری ٨٠ کیلۆمەتریش زۆر بە وردی ئامانجەکەی دەپێکێت.