ھەدەپە لە خولی دووەمیش دەنگ بە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەدات

2023-05-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەدەپە و یەسەپە بەبێ ئەوەی ناوی کڵچدارئۆغڵو ببەن، سوربوونی خۆیان لەسەر گۆڕینی دەسەڵاتی ئەردۆغان دووپاتکردەوە.

پەروین بوڵدان و میتەحەت سانجار، ھاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، بە ھەمان شێوەی خولی یەکەمی ھەڵبژاردن، لە خولی دووەمیشدا سورن لەسەر گۆڕینی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتەکەی. ھاوسەرۆکانی ھەدەپە بەبێ ئەوەی ناوی کەمال کڵچدارئۆغڵو، کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت بھێنن داوایان لە دەنگدەران کرد بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بھێنن، چونکە ئەم ھەڵبژاردنە وەک ریفراندۆم وایە بۆ تورکیا.

ناونەھێنانی کڵچدارئۆغڵو لەلایەن ھاوسەرۆکانی ھەدەپەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە رۆژی چوارشەممە  کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەری نەتەوەپەرست لەسەر حەوت خاڵ رێککەوت کە یەکێک لە خاڵەکان جەختکردنەوە بوو لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتی دانانی قەیومەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە لە پڕۆگرامی ھاوپەیمانی میللەتدا ئاماژە بەوە کرابوو لە کاتی بردنەوەی ھەڵبژاردنەکان و گەیشتنە دەسەڵات کۆتایی بە سیاسەتی دانانی قەیومەکان دەھێنن.