گۆتێرێس: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە مەدەنییەکان لە ململانێ چەکدارییەکاندا بپارێزێت

2023-05-24   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس،سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت لەبەرامبەر شکستھێنانی لە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە ململانێ چەکدارییەکاندا، بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا زیادی کردووە.

گۆتێرێس لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە ململانێ چەکدارییەکاندا رایگەیاند، راستییەکی تۆقێنەرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پابەندی بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی کەسانی مەدەنی نەبووە و لە ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین ٧ ھەزار و ٩٥٧ مەدەنی کوژراون و ١٢ ھەزار و ٥٦٠ی تریش برینداربوون .

رونیشیکردەوە، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١١٧ ملیۆن کەس گیرۆدەی نەبوونی خۆراک بوون، ھۆکاری سەرەکیش شەڕ و نەبوونی ئاسایش بووە.
بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی رابردوودا، ١٦ ھەزار و ٩٨٨ مەدەنی لە ١٢ ململانێی چەکداری کوژراون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ رێژەکە ٥٣% زیادیکردووە.