لەپڕۆژەیاسای بودجەدا باج لەسەر ئەو کەسانە دانراوە کە گەشت دەکەن

2023-05-22   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، باجێکی نوێ لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ ئاشکرا دەکات، کە بە باجی فڕۆکەخانە ناونراوە و لەو ھاوڵاتییانە دەسەنرێت کە گەشت دەکەن.

ئەمیر مەعموری، ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجە سەپاندنی باج بە بڕی ٢٥ ھەزار دینار بۆ ھەر ھاووڵاتییەکی عێراقی لەخۆدەگرێت، کە بیەوێت گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات. 

وتیشی، ئەو باجە ناوی باجی فڕۆکەخانەی لێنراوە و ھێشتا نازانن چۆن ئەو پارەیە لە ھاووڵاتیان دەسەنرێت، کە ئایا لەڕێی تکتی فڕۆکەوە دەبێت یاخود لەڕێی باجی ناو فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان. 

مەعموری باسی لەوەشکرد، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نیگەران و ناڕازین لەسەر ئەو بڕگانەی باج لەسەر ھاووڵاتیان زیاد دەکەن، بە تایبەت ئەم باجە نوێیە.