تۆخێل پێکانی ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگێری ڕاگەیاند

2021-04-30
یانەی چێڵسی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تۆماس تۆخێل راھێنەری یانەی چێڵسی ڕایگەیاند ، کە ئەنتۆنیۆ ڕۆدیگێری بەرگریکاری سەرەکی تیپەکەی لە یارییەکەی ڕیاڵ مەدریددا تووشی پێکان بووە و بەھۆیەوە ناتوانێت بەشداری یارییەکەی فۆلھام بکات .

لە پرێس کۆنفرانسێکدا پێش یارییەکەی فۆلھام لە ھەفتەی ٣٤ی پرێمەر لیگ  تۆخێل سەرەتا باسی ماتیۆ کۆڤاچیچی کرد و ڕایگەیاند ،  کە ئەو یاریزانە بەشداری راھێنانەکانی کردووە بەڵام ھێشتا متمانەی تەواوی بە خۆی نییە و ھەست بە ئازار دەکات بۆیە لە یارییەکەی فۆلھام دوری خستووەتەوە .

لەبارەی پێکانەکەی ڕۆدیگێریشەوە ، ڕاھێنەرە ئەڵمانییەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو یاریزانە لە دوا دەقەکانی یارییەکەی ریاڵ مەدرید لە چامپیۆنز لیگ تووشی پێکان بووە بۆ یارییەکەی فۆلھام ناتوانێت یاریی بکات ، بەڵام دڵنیایە لەوەی ئەو یاریزانە بۆ یاریی دووەمی چێڵسی بەرامبەر ڕیاڵ دەگەڕێتەوە کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو ئەنجام بدرێت .


 تۆخێل وتیشی کە یارییەکەی فۆلھام چانسێکی باشە بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە پلەی چوارەمدا بەھێزتر بکەن بۆیە ھەموو ھەوڵێکیان بۆ بەدەستھێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەبێت .