وەزارەتی تەندروستی دەوامی کارمەندان و فەرمانبەران کەمدەکاتەوە

2023-03-24   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە مانگی رەمەزاندا دەوامی نەخۆشخانەکان لە ھەرێمی کوردستان یەک سەعات کەمدەکرێتەوە.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە، دەوامی رەسمی یەک سەعات کەمدەکەنەوە، بەجۆرێک ئەو شوێنانەی رۆژانی شەممە دەوامیان ھەیە، وەکو نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان دەوامیان تاکو سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ دەبێت، بەڵام دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و ئەو شوێنانەی رۆژانی شەممە دەوامیان نییە، تاکو سەعات دووی دوای نیوەڕۆ دەبێت و تەواوکەری دەوامەکانی ئێواران و شەوان بە شێوازی ئێشکگری بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامیش، ئاسۆ حەوێزی راشیگەیاند، رۆژی شەممە دەوامی رەسمیی لە سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان و نۆڕینگە میللی و راوێژکارییەکان و خزمەتگوزارییە نیمچەتایبەتەکان دەستپێدەکاتەوە.