پەرلەمانی کوردستان سەرکۆنەی شەھیدکردنی چوار ھاونیشتمانییەکەی جندرێس دەکات

2023-03-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەتووندی سەرکۆنەی شەھیدکردنی چوار ھاونیشتمانییەکەی جندرێسی سەربە شاری عەفرین دەکەین کە بەبۆنەی ئاھەنگی جەژنی نەورۆزەوە شەھیدکران.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیندراوێکدا رایگەیاند، بەتووندی سەرکۆنەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەین کە ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین لەلایەن چەند کەسێکەوە ھێرش کرایە سەر ژمارەیەک ھاووڵاتیی کورد، کە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ئاھەنگیان دەگێڕا و بووە ھۆی شەھیدبوونی چوار ھاووڵاتیی خانەوادەیەکی کورد و برینداربوونی سێ کەسی دیکە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەوان خەریکی پیادەکردنی سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بوون لە ئاھەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی نەتەوەیی خۆیان.

لە راگەیندراوەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەین و ھاوبەشی خەمیانین، ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو ناوچەیەش دەکەین ھەموو ھەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ دۆزینەوەی ئەو تاوانبارانەی کە ئەم تاوانە قێزەونەیان ئەنجامداوە و بە سزای یاسایی خۆیانیان بگەیەنن.