بەبەشداری سوپای عێراق، ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ھێزی ئاسمانی ئۆپراسیۆنێکی فراوانیان بۆ کێوماڵکردنی پێگەکانی داعش و بەقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین دەستیپێکرد.
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکەدا ھێزی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک، ئۆپراسیۆنەکانی رۆژھەڵاتی دیجلە، ھێزەکانی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی و ھێزە ئەمنییەکانی بەشدارن و ھەڵدەستن بە کێوماڵکردنی ناوچە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو پارێزگای کەرکوک و سەڵاحەدین.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لە ئۆپراسیۆنەکەدا پێنج لیوا و یەکەی ئەرکە تایبەتییەکان، یەکەی ئەرکە تایبەتییەکانی کەرکوک، ئۆپراسیۆنەکانی رۆژھەڵاتی دیجلە و ھێزی ئاسمانی سوپای عێراق بەشدارن و سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەش لە ناوچە شاخاوییەکانی خورماتو دەستیپێکردووە.
ئۆپراسیۆنی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەمەبەستی کێوماڵکردنی شانە نوستوەکانی داعش و کەمکردنەوەی تاوانەکانی کوشتنە کە ماوەیەکە لەنێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک دوبارە دەبێتەوە، ئامانجێکی دیکەی ئۆپراسیۆنەکەش گەڕانەوەی ئارامیی بۆ ناوچەکە و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنییە کە بەھۆی ھێرشی داعش روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.