پۆڵەندا وەک یەکەم وڵاتی ئەندامی ناتۆ بەڵێنیدا فڕۆکەی جەنگی بداتە ئۆکراین، واشنتۆنیش دەڵێت، بڕیارەکەی پۆڵەندا ھەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دژایەتی ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکراین ناگۆڕێت.
ئەندریە دودا سەرۆکی پۆڵەندا رایگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا چوار فڕۆکەی جۆری میگ ٢٩_ی دروستکراوی روسیا رادەستی ئۆکراین دەکەن.
ئاشکراشیکرد، بڕیارەکە لە بەرزترین ئاست دراوە و لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئۆکراینە لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی روسیا.
لەبەرامبەردا جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارەکەی پۆڵەندا گۆڕانکاری لە ھەڵوێستەکانیان لە پەیوەست بە فڕۆکەی جەنگی جۆری ( ئێف ١٦) ناکات و دژی ناردنی فڕۆکەی جەنگین بۆ ئۆکراین.
پۆڵەندا ھاوپەیمانی ستراتیژی ئۆکراینە و دیارترین ئەندامی ناتۆیە بە چەکی قورس پشتیوانی ئۆکراینی کردووە، لە کۆتاییەکانی مانگی رابردووشدا یەکەم کاروانی تانکی لیوپاردی دروستکراوی ئەڵمانیای رادەستی کیێڤ کرد.