پەرلەمانتارێکی عێراق: ھیچ رێککەوتنێک لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نەکراوە

2023-03-17   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەرەڕای دیاریکردنی وادەی دەنگدان لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن بەڵام ناکۆکییەکان لەبارەی ھەمواری یاساکە بەردەوامن و ھیچ رێککەوتنێک لە نێوان کوتلە سیاسییەکاندا نییە.

سەجاد سالم، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک لەسەر شێوەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن بوونی نیە و زیاتر لە پێشنیازێک ھەیە سەبارەت سیستمی سانت لیگۆ و سیستمەکانی تر، لەبەرئەوە لە نێو کوتلە سیاسییەکان لەلایەک و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ لە لایەکی تر رێککەوتن لە ئارادا نییە.

وتیشی، لە نێو پەرلەمانتارانی سەربەخۆ جیاوازی دیدو بۆچوون ھەیە لەبارەی شێوەی سیستمی یاسای ھەڵبژاردن و ھەندێک داوای سیستمی فرە بازنەیی و ھەندێکی تریش داوای سیستمی سانت لیگۆی رەسەن و ھەموارنەکراو دەکەن، لەبەر ئەوە گفتوگۆکان بەبێ رێککەوتن بەردەوامن.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی چواری ئادار خوێندنەوەی دووەمی بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کردوو بە پێی بەرنامەی کاری رۆژی یەکشەممەی داھاتوو دەنگ لەسەر یاساکە دەدرێت.