جەعفەر شێخ مستەفا: گرنگە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی زامی ھەڵەبجەییەکان

2023-03-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ٣٥ ساڵەی بۆردومانکردنی ھەڵەبجە بە چەکی کیمیایی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، گرنگە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان.

دەقی پەیامەکە...

پەیامی جێگری سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا

لە (٣٥)ھەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، بە داخەوە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە (١٩٨٨/٣/١٦)دا شەھیدبوون و برینداربوونی ھەزاران مرۆڤی بێتاوان لە گەنج و پیر و منداڵ، لەژێر دەسەڵاتێکی فاشیزمی دوور لە بەھا مرۆڤایەتییەکان بە بەرچاوی ھەموو جیھان ھاتە ئەنجامدان.

جێگای دڵخۆشی ھەموومانە کە یادکردنەوەی ئەمساڵ جیا لە ساڵانی ڕابردوو، مژدەیەکی خۆشی بۆ ھەڵەبجەییەکان تێدایە، ئەویش بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە ڕێکارە فیدڕالییەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجەی لە سەر ئاستی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کردوە و شاری ھەڵەبجەی وەک (١٩)ھەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان ناساندووە، ئیتر لێرەدا گرنگە ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە لەڕووی بنیادنانەوە وەکو شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانی و خزمەتگوزارییەوە بکەین بە ھەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان، ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵە بە ھاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم بە یاسا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری شەھیدانی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری بکاتەوە، ھەروەھا لە ڕێگای پەرلەمانی عێراق و ھەرێمی کوردستانەوە کار بکرێت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ھەڵەبجە و پاکتاوی ڕەگەزی نەتەوەی کورد.

 قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، با ھەموومان بە تێکڕای بیروڕا جیاوازەکانەوە بەرھەمی خوێن و ئازاری میللەتەکەمان بکەین بە ھەوێنی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی، بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەو ئەزموون و ئازادی و دیموکراسییەی کە لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، کۆدەنگیمان بکەین بە بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکان و لەگۆڕنانی پلانی دوژمنانمان کە ھەمیشە کار دەکەن بۆ سڕینەوەی خاک و شووناسمان.

لە کۆتاییدا سەڕی ڕێز و وەفا دادەنەوێنم بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و گشت شەھیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازانی کوردستان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٣/٣/١٦