قوباد تاڵەبانی: پێویستە دامەزراوەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت ھەبێت

2023-03-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە حەوتەمین دیداری سلێمانی بەشداریکرد و تیشکی خستە سەر گرنگی ھەبوونی یاسای نەوت و دامەزراوەیەکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت و دەڵێت، تا یاسای نەوت نەبێت چارەسەر بۆ کێشە داراییەکانی ھەرێم و بەغداد نادۆزرێتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان "لە پانێڵی "سیاسەتی ئابوری، دینار و ئاڵنگارییەکانی گەشەسەندن" لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی رایگەیاند، "چەندین تێبینی ھەیە لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، بەڵام لە ئێستادا پەسەندکراوە، پێموایە لە چارەکی رێگەکەداین، قۆناغی داھاتوو ناردنێتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەوەش دەگەینە نیوەی رێگەکە، نیوەی تری رێگەکە جێبەجێکردنە، چەندین بڕە پارە ھەیە لە وڵات کە من پێموایە حکومەتی عێراق دەتوانێت بە یەکسانی ھاوبەشی پێبکات". 

ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین ململانێ ھەیە، بەڵام لەکاتێکداین کە حکومەتی عێراق و ھەرێم لەیەکتر نزیکن و تا لەیەکتر نزیک بن ململانێکانیش کەمتر دەبنەوە.

سەبارەت بە یاسای نەوت، وتی، "دەبێت  لەقۆناغێکدا بگەینە چارەسەرێک بۆ سیاسەتی نەوت لەگەڵ حکومەتی عێراق، رێککەوتن ھەیە لەسەر بابەتی تر، بەڵام کە دەگەینە قسەکردن لەسەر نەوت کێشە دروست دەبێت، بۆیە پێموایە ناتوانین چارەسەر بۆ کێشە دارییەکانی ھەرێم و بەغداد بدۆزینەوە تا یاسای نەوتمان نەبێت، یاسای نەوت دەبێت زۆر روون بێت بۆ ھەموو ئەو لایەنانەی دەیانگرێتەوە، کێ بەرپرسە لە دەرھێنان و دۆزینەوە و ھەناردە و وەرگرتنی پارەی کڕینی نەوت و کێ بەرپرسە لە دابەشکردنی بە دادپەروەرانە، ئەوە بابەتە گرنگەکەیە کە  ئێمە دەمانەوێت تیشکی بخرێتەسەر".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "خودی خۆم و بەبیروبۆچوونی خۆم گرنگی بەوە نادەم کێ نەوتەکەمان دەفرۆشێت، کێ بە باشترین نرخ دەیفرۆشێت با بیفرۆشێت، بە رێگەیەکی شەفاف، من گرنگی بەوە دەدەم،ھەروەھا گرنگی بە داھاتی نەوتەکە دەدەم کە کەی دەستمان دەکەوێت و چۆن قەرز بدرێتەوە و رۆڵی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە چییە؟. ئێستا کاتی ئەوەیە کە باسی ئەوانە بکرێت، پێشموایە کە لەپڕۆژەیاسای بودجە باسی ئەوە ناکرێت و پرسیارەکە کە بە ملیۆن دۆلارە لە ئێستادا ئەوەیە چی لە داھاتی نەوت دێت لە وڵاتەکەدا".

سەبارەت بە کۆمپانیای "سۆمۆ"ش تایبەت بە بازاڕکردنی نەوت جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێویستە ھەیکەلەی سومۆ دابڕێژرێتەوە و کیانێک دروست بکرێت لە بازاڕی نوێ کە بە بەشداری حکومەتی ھەرێم بێت کە نەوت دەفرۆشێت لە وڵاتەکە، بەوەش لەو یارییە تایبەتەی نەوت دێینە دەرەوە. ئێستا پێویستمان بە سیستمێکی نوێیە بۆ بازرگانیکردن بە نەوت، ھەروەھا پێویستمان بە کەیانێکی نوێیە بۆ دابەشکردنی داھاتی نەوت، ئەوەش بەڕای من چارەسەرێکی دەستوری و درێژخایەن دەبێت".

ھەر سەبارەت بە سیاسەتی نەوت، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە ناو حکومەتی ھەرێم بۆچوونی جیاوازی ھەیە سەبارەت بە سیاسەتی نەوت و پێویستە سیاسەتی نەوت بەجۆرێک دابڕێژرێتەوە کە خزمەت بە ھاووڵاتییان بکات.