راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ یادی ٣٥ ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە

2023-03-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، هەرچی بۆ هەڵەبجە کرابێت هێشتا کەمە.

دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی:

ساڵیادى کارەساتی کیمیابارانى هەڵەبجەو دەوروبەری  لە لایەن رژێمی بەعسی روخاوەوە برینێکی سارێژنەبووی مێژووییە لە جەستەی  نیشتمان و نەتەوەکەمان.

 سوێی ئازارە مرۆییەکانی ئەم کارەساتە هەڵەبجەى کردە ناسنامەى مەزلومیەتى نەتەوەکەمان کە هەر ئەوکات ویژدانی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر مەینەتییەکانی کە بەسەر گەلەکەمان دەهات جوڵاند .

یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان  چ راستەوخۆ و چ لە رێی حکومەتی هەرێمەوە بۆ سارێژکردنی برینەکانی پارێزگای هەڵەبجە و خزمەتی ئەم کەیسە هەمەلایەنە لە بواری ئاوەدانی و خزمەت لە خەم و ئازاری کۆمەلانی خەڵکی هەڵەبجە تێدەگات،  بێ درێغ  بۆی تێکۆشاوە و تێدەکۆشێت، پێشی وایە چی بۆ پایتەختی خەم و پەژارەی شارەزوور کرابێت هێشتا کەمە و بارتەقای قوربانی بێ ئەندازەیان نییە  چونکە هەڵەبجەییەکان شایانی زیاتر و زیاترن.

ئەم ساڵیش لە نزیکبوونەوەی ئەم یادەدا لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٣ ی ئازاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا رێکارە فیدڕاڵییەکان یان پرۆژە یاسای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە پەسەند کرا کە هیوادارین لە نزیکترین دەرفەتدا لەکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یاسایەکی فیدڕاڵی  وەک نۆزدەیەمین پارێزگا هەژمار بکرێت . سا بەڵکو ئەم هەنگاوەش وەک بەرپرسیارێتییەکی مەعنەوی و ئیداری دەرفەتی زیاتر بۆ خزمەت و ئاوەدانی و قەرەبووکردنەوە بکاتەوە.

 تەئکید لە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتی  فیدراک دەکەینەوە کە لە ئاست شانازى ئەو شارەدا  خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتر پێشکەش بکرێت.

 سەری رێز  بۆ رۆحى پاکى شەهیدانى هەڵەبجە و تێکراى شەهیدانى کورد و کوردستان دادەنەوێنین و وەفا و ئەمەکدارى بۆ کەس و کارو قوربانیان و بریندارانِِ دووپاتدەکەینەوە .


مەکتەبى سیاسى
یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان