ئەمڕۆ حەوتەمین دیداری سلێمانی، بۆ تاوتوێکردنی پرسە گەرمەکانی سیاسەت و ئابوری و وزە و چەند پرسێکی دیکە بەڕێوەدەچێت و دوو رۆژ دەخایەنێت.
لە ماوەی دوو رۆژی دیدارەکەدا، کەسانی بیرمەند و و پسپۆڕ و شارەزا و بڕیاربەدەستانی ناوچەکە و جیھان کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرسە ھەر دیارە ناوچەییەکانی جیھان و خستنەڕووی بیروبۆچوونەکانی ئێستا و ئەو خاڵانەی جێی ناکۆکین.
دروشمی ئەمساڵی دیدارەکە، بریتییە لە "پاش ٢٠ ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیھانییە نوێیەکان".
دیداری سلێمانی، کۆنفرانسێکی ئاستبەرزی سیاسییە و تیشک دەخاتە سەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باشور و لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەبرێت.
ئەمە حەوتەمین جارە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، دیداری لەم جۆرە ساز دەکات و بابەتەکانی وەک سیاسەت، ئابوری، ژینگە، یاسا، مافی مرۆڤ، تەندروستی، وزە و چەندین پرسی دیکەی گرنگ باسدەکرێت.
دیداری سلێمانی ھەوڵدەدات بیرۆکە و گفتوگۆکان وەربگێڕێتە سەر کردار و سیاسەتی کۆنکرێتی کە بتوانێت گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا دروست بکات.