بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنترۆڵی جۆری روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

2023-03-14   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی،لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی دەڵێت، ھاوردەکردنی دەرمان بە کۆمەڵێک رێکاردا دەڕوات و ھەر دەرمانێک راستی و کوالیتی نەبێت مەحاڵە رێگە بە ھاوردەکردنی دەرمان بدرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی پارچە ڤیدۆیەکی پزیشکێک بەناوی (د. عەتیە) کە باس لەوەدەکات لەساڵی ٢٠٠٥ دەرمان لەوڵاتی ئوردن لە جیاتی ئەوەی فڕێبدرێت نێردراوە بۆ ھەرێمی کوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە. وەکو بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی جۆری، ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کەوا ڕێکارەکانی ھاوردەکردن و ھێنانی دەرمان بەرەسمی و یاسایی بە زنجیرەیەک رێکاری زانستی و تۆمارکردن و دڵنیابوونی سەرچاوە و کارگەی بەرھەمھێنان و پشکنینی تاقیگەیی وورد دادەڕوات، پاشان ڕێگە بە ھاوردەکردن و پێدانی مۆڵەتی بەکارھێنان دەدرێت و مەحاڵە لەئێستادا ھەر دەرمانێک بەفەرمی ڕێگەپێدانی بەکارھێنانی پێبدرێت ئەگەر تەواوی ڕاستی و دروستی کوالیتی نەبێت.

 

بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان، داوا لە  د. عەتیە دەکات راستی و دروستی قسەکانی بە بەڵگەوە بسەلمێنێت، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتەبەر، لەبەرامبەر دروستکردنی گومان و دڵەڕاوکێ و لاوازکردنی متمانەی ھاوڵاتیان.