ساڵی رابردوو لە عێراق ١١ ھەزار و ٥٢٣ رووداوی ھاتووچۆ تۆمارکراون

2023-03-14   |  
فۆتۆ: 
هەژار
عێراق ژمارەیەکی پێوانەیی لە رووداوەکانی ھاتووچۆدا تۆمارکردووە و بەپێی ئامارێک رۆژانە ھەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.

دەزگای ناوەندیی ئاماریسەر بە وەزارەتی پلاندانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ١١ ھەزار و ٥٢٣ رووداوی ھاتووچۆ لە سەرتاسەری عێراق جگە لە ھەرێمی کوردستان روویانداوە کە ئەوەش ژمارەیەکی پێوانییە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ ژمارەی رووداوەکانی ھاتووچۆ بەرێژەی ٨% زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە ساڵی رابردوودا، ٣ ھەزار و ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو ھەزار و ٢١ کەسیان لە رەگەزی نێر بوون و ٥٤٧یشیان لە رەگەزی مێ بوون، جگە لەوەش ١٢ ھەزار و ٦٧٧ کەس برینداربوون، جەختیشیکردەوەتەوە، بەپێی ئامارەکە لە ساڵی رابردوودا تێکڕا رۆژانە لە عێراق ھەشت کەس گیانیان لەدەستداوە.