وتەبێژی پۆلیسی ویلایەتی کیوبیک لە کەنەدا رایگەیاند، لە ناوەڕاستی شاری "ئەمکی" ئۆتۆمبێلێک لە جۆری پیکاب لە شەقامێک خۆی دەکات بەناو خەڵکدا و نزیکەی ٥٠٠ مەتری تر رۆشتووە و خەڵکی دیکەی کردووە بەژێرەوە، بەوھۆیەشەوە دوو کەس گیانیانلەدەستداوە کە تەمەنیان لە نێوان ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵاندایە، ھەروەھا نۆ کەسی دیکەش برینداربوون کە سێ منداڵیان لەنێودایە.
وتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، لەئێستاشدا ھیچ مەترسییەک لە ناوچەکە نەماوە.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەداش نیگەرانی لەو رووداوە راگەیاند و وتی، چاوڕێی زانیاری زیاترن لەسەر ئەو رووداوە کارەساتبارە.
لە سەرەتای مانگی شوباتیش، پیاوێک بە بارھەڵگرێکەوە بە ئەنقەست خۆی کرد بە دایەنگەیەکی منداڵاندا لە شاری مۆنتریال و بەھۆیەوە دوو منداڵ کە تەمەنیان چوار ساڵان بوو گیانیانلەدەستدا و شەش منداڵی دیکەش برینداربوون.
لە ساڵی ٢٠١٨شدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بەناو قەرەباڵغییەکدا لە شاری "تۆرنتۆ" و بەھۆیەوە ١١ کەس گیانیانلەدەستدا و ١٦ کەسی دیکەش برینداربوون.