لە پارێزگای دێرەزوور، ھێرشێکی مووشەکی کرایە سەر بنکەیەکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی "سنتکوم" بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خۆرھەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سوریا روبەڕووی ھێرشێکی مووشەکی بوونەتەوە.
راشیگەیاند، ھێرشەکە بە دوو مووشەککراوە و ھێزەکانی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خۆرھەڵاتی دێرەزوور کردووەتە ئامانج، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و زیان بە کەلوپەلە سەربازییەکانیش نەکەوتووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی ھۆشداریشیدا لەوەی، ئەو جۆرە ھێرشانە ھێزەکانیان و ھاوبەشەکانیان و دانیشتووانی مەدەنی ناوچەکە دەخەنە ژێر مەترسییەوە و ئەو سەقامگیریی و ئەمنییەتەش لەناو دەبەن، کە بە ئەستەم لە سوریا و ناوچەکە بەدەستھاتووە.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە مانگی شوباتی رابردوو، ٤٨ ھەڵمەتیان لە دژی چەکدارانی داعش لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە و کوژرانی ٢٢ چەکدار و دەستگیرکردنی ٢٥ی دیکەی لێکەوتووەتەوە.