سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەنگاوە کردارییە یاساییەکانی ھەڵبژاردن دەستپێدەکات و داوا لە سەرجەم لایەن و فراکسیۆنەکان دەکات دەستوبرد بکەن لە گەیشتن بە لێتێگەیشتنی ھاوبەش بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پەرلەمان پابەندە بەجێبەجێکردنی یاسای بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراودا.
راشیگەیاندوە، پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەی ھاوبەش بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن، ھەموو ئەو پێشنیازەیاسایانەش پێشتر لەلایەن فراکسیۆنەکانەوە پێشکەش کرابوون ئاراستەی لێژنەی یاسایی پەرلەمان کراوە، بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوە کردارییە یاساییەکان و دروستکردنی سازانی نیشتمانی لەنێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
سەرۆکایەتی پەرلەمان داواش لە لایەن و فراکسیۆنەکان دەکات، دەستوبرد بکەن لە گەیشتن بە لێتێگەیشتنی ھاوبەش لەپێناوی خێراترکردنی پرۆسەی ئامادەکاریی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەمساڵدا.