لە ئۆپراسیۆنێکدا لە ئەنبار ٢٢ تیرۆریستی داعش کە لە نێوانیاندا چەند بەرپرسێکی باڵای گروپەکە ھەیە کوژران، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانیش دەڵێت، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق لە ٤٠٠ کەس تێپەڕناکەن.
عەبدولوەھاب ساعدی سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی جۆریدا لە ناوچەیەکی باشوری قائیم و باکوری روتبە لە ئەنبار ٢٢ تیرۆریستی داعشیان کوشتووە، کە ژمارەیەکیان لەکاتی بەرەنگاربوونەوەدا خۆیان تەقاندۆتەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، لەناو کوژراوەکاندا چەند بەرپرسێکی دیار ھەیە لەوانە والی فەلوجەو والی باشور و روکان ، تەرمی ١٤ کوژراویشیان ناسراونەتەوە.
ھەروەھا ، قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان رایگەیاند، ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق لە ٤٠٠ تیرۆریست تێپەڕناکات ، وتیشی لە میانی ئۆپراسیۆنی سەپاندنی یاسا لە دیالە ١٢٦ کەس دەستگیرکراون.